ئازاد كوردی
داخستنی دووكان و بازاڕ وه‌ك شێوازێكی ناڕه‌زایی ده‌ربڕین بووه‌ته نهریتێكو خه‌ریكه بۆ شاره‌كانی ئێرانیش بگوزارێته‌وه، كۆماری ئیسلامی ئێرانیش به داخستنی دووكانه‌كان (یلۆمپكردن) سزای ئه‌و دووكاندارانه ده‌دات. دووكاندارێكی سنه‌یی ده‌ڵێ "له‌كوێ داخستنی دووكان و بازار تاوانه؟"، پارێزه‌رێكی كوردیش ده‌ڵێت "پلۆمپكردنی دووكان به‌بیانووی داخستنی دووكانه‌كه له‌رۆژێكی دیاریكراودا یاسایی نییه".
له‌چه‌ند ساڵی رابردوودا، داخستنی به‌كۆمه‌ڵی دووكان و بازاڕ له شاره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له چه‌ندین بۆنه‌ی جۆراوجۆردا روویداوه‌و خه‌ریكه ده‌بێته خه‌باتێكی مه‌ده‌نی به‌رفراوان و په‌ل بۆ شاره‌كانی دیكه‌ی ئێرانیش ده‌هاوێژێ. له‌ماوه‌ی 10 ساڵی رابردوودا، چه‌ند شێوازێكی مه‌ده‌نیانه‌ی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به‌رامبه‌ر كۆماری ئیسلامی ئێران نیشانداوه، كه به‌رچاوترینیان داخستنی دووكان و بازاره‌كان بووه، به‌تایبه‌تی دوای له‌سێداره‌دانی چوار زیندانی كورد له زیندانی ئه‌وینی تاران له‌سه‌ره‌تای مانگی رابردوو.
د.محه‌ممه‌د عه‌لی تۆفیقی، چالاكڤانی سیاسی گوتی به‌ر له‌شۆڕشی ساڵی 1979 له‌ئێران داخستنی دووكان و بازاڕ به‌شێوه‌ی مانگرتنی گشتی بووه، ئه‌ویش له هه‌لومه‌رجێكی سیاسی زۆر تایبه‌ت بوو كه كۆمه‌ڵگه‌ی ئێران ئاماده‌ی شۆڕش و گۆڕانێكی ته‌واو بوو "به‌ڵام له‌دوای ئه‌و قۆناخه له‌ئێراندا مانگرتنی مه‌ده‌نی و ئابووری به‌مشێوه‌یه كه ئێستا له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان هه‌یه، نه‌بووه".
دانیشتووانی رۆژههلاَتی كوردستان، له‌و پێنج ساڵه‌ی دواییدا ئه‌و جۆره ناڕه‌زایی ده‌ربڕینه مه‌ده‌نیه‌یان به‌رفراوانتر كردووه، به تایبه‌تی له 17ی ته‌مموزدا، كه ساڵرۆژی تیرۆر كردنی د.عه‌بدولره‌حمان قاسملۆیه، وه‌ك ناڕه‌زایی ده‌ربڕین، زۆربه‌ی دووكان‌و بازاڕه‌كانیان داده‌خه‌ن.
ته‌یموور مسته‌فایی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، ده‌ڵێت "له‌و جۆره خه‌باته‌دا خه‌ڵك كه‌مترین نرخ ده‌دات و یه‌كگرتوویی له‌نێو چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه زیاتر ده‌كات . چونكه له ئێران‌دا هه‌موو ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندانێك قه‌ده‌خه‌یه و ده‌وڵه‌ت به تووندترین شێوه خۆپێشانده‌ران سه‌ركوت ده‌كا و ئه‌گه‌ر له كوردستانیش بێ، سه‌ركوتكردنه‌كه تووندتریش ده‌بێ".
چالاكڤانی سیاسی محه‌ممه‌د عه‌لی تۆفیقی پێیوایه بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌رۆژهه‌ڵاتی كوردستان سه‌لماوه كه تێكۆشانی مه‌ده‌نی و هێمنانه‌و دوور له‌تووندوتیژی كاریگه‌ری زۆرتره "جگه له‌وه‌ش له ئێران رژێمێك هه‌یه به‌ناوی خودا خوێنی خه‌ڵك له‌شه‌قامه‌كاندا ده‌ڕژێنێ، خه‌ڵك به‌ناحه‌ق له سێداره ده‌دات، خه‌ڵك روویان كردووه‌ته شێوه خه‌باتێك كه‌مترین باج بدات، مانگرتنی دووكاندارانیش كه‌مترین باجی هه‌یه".
مانگرتنی شاره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بووه‌ته نموونه‌یه‌كی به‌رچاو بۆ خه‌باتی سه‌رتاسه‌ری ئێران. محه‌ممه‌د عه‌لی تۆفیقی ده‌ڵێ "له بزووتنه‌وه‌ی سه‌وزدا، هه‌ر حیزب و كه‌سایه‌تییه‌ك كه مۆدیلێك پێشنیاز ده‌كات، وه‌ك نموونه ئاماژه به‌كوردستان ده‌كات. باس له‌وه ده‌كه‌ن مانگرتنی مه‌ده‌نی له‌كوردستان سه‌ركه‌وتوو بوو و ده‌توانین بۆ هه‌موو ئێران كه‌ڵكی لێوه‌رگرین".
بۆ به‌رگرتن له‌و جۆره خه‌باته، كۆماری ئیسلامی ئێران زۆرجار ئه‌و دووكاندارانهی ناڕه‌زاییان ده‌ربڕیوه، دووكانه‌كانیان بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو داده‌خات، به‌بێ ئه‌وه‌ی كاتی كردنه‌وه‌یان بۆ دیاریبكات . له‌چه‌ند رۆژی رابردووش‌دا، به‌سه‌دان دووكاندار له رۆژههلاَتی كوردستان به تایبه‌تی له شاری سنه له‌سه‌ر داخستنی دووكانه‌كانیان له رۆژی 13/5/2010، بانگهێشتی ناوه‌نده سهربازیو ئه‌منییه‌كان كراون و به‌ڵێننامه‌یان پێ پڕكراوه‌ته‌وه كه له هیچ بۆنه‌یه‌كی دیكه‌دا دووكانه‌كانیان دانه‌خه‌ن. ته‌یمور مسته‌فایی، ئاشكرایكرد بێجگه له پلوَمپكردنی دووكانهكانو سه‌پاندنی سزای دارایی‌و هه‌ڕه‌شه‌كردن لهدووكاندارهكان، ژماره‌یه‌كی زۆر دووكانداریش گیراون و ئه‌شكه‌نجه‌دراون "بهلاَم ئه‌م كاره ته‌نیا بۆ چاوترسێنكردنی دووكاندارانه، ساڵانی رابردووش به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی ئه‌م كاره‌یان كرد، به‌ڵام دووكانداران ئه‌مجاره به‌رفراوانتر هاتنه مه‌یدان".
(س.ق) كه دووكاندارێكی شاری سنه‌یه‌و نه‌یویست ناوی بلاَوبكرێتهوه، بۆ(رووداو) گوتی "به‌بێ هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌ك و بێ ئه‌وه‌ی تاوانێكمان كردبێ، بیانووی جۆراوجۆر دێننه‌وه‌و دووكانه‌كانمان داده‌خه‌ن، ئێمه‌ش ناتوانین تا كاتێكی نادیار دووكانهكهمان بكه‌ینه‌وه، ئه‌م كاره‌ی ده‌وڵه‌ت ئێمه‌ی تووشی سه‌رسووڕمان كردووه، له‌كوێ داخستنی دووكان‌و بازاڕ تاوانه؟". ئه‌و دووكانداره ئاشكرایكرد، زۆربه‌ی ئه‌و دووكانانه‌ی داخراون، كرێچین "ئه‌م كاره زیانێكی زۆری دارایی به‌خاوه‌ن دووكانه‌كان گه‌یاندووه".
جه‌لاله‌دین فه‌هیمی، كه پارێزه‌رێكی كورده‌و له شاری سنه داده‌نیشێ، سه‌باره‌ت به لایه‌نی یاسایی داخستنی دووكانه‌كان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئێرانه‌وه به بیانووی نه‌كردنه‌وه‌ی له رۆژێكی دیاریكراودا گوتی "ئه‌وه كارێكی یاسایی نییه، به‌بیانووی ئه‌وه‌ی له‌رۆژێكی دیاریكراودا دووكاندار دوكانه‌كه‌ی داخستبێتو هیچ سه‌رپێچییه‌كی پیشه‌یی نه‌كردبێت، دووكانه‌كه‌ی دابخرێ".
به‌بڕوای د. تۆفیقی ئه‌م گوشارلێكردنه نابێته هۆی ساردبوونه‌وه‌ی خه‌ڵكی رۆژههلاَتی كوردستان لهوخهباته مه‌ده‌نییه "به‌پێچه‌وانه‌وه خه‌باته‌كه تووندوتۆڵتر بووه، خه‌ڵك یه‌كگرتووتر بووه، بۆ نموونه مانگرتنی خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان دوای سێداره‌دانی چوار زیندانی سیاسی كورد زۆر به‌رفراونتر له‌جاران به‌ڕێوه‌چوو، به‌جۆرێك كه حكومه‌تی خستووه‌ته نێو ترس‌و تۆقانێكی زۆر".
سه رچاوه: روژنامه ی رووداو