محه‌مه‌د عه‌لی تۆفیقی
رووداوه کوێر و تیرۆریستیه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی کوردستانی ئێران، که دوا نموونه‌که‌یان چه‌ند هه‌فته پێش ئێسته له مه‌یدانی ئێقباڵی شاری سنه روویدا و تێیدا چه‌ند که‌سێک له هێزی ئاسایشی و چه‌ند که‌سێکی سڤیلیش کوژران و بریندار بوون، گرنگیه‌کی شیکاریانه‌ی تایبه‌تی هه‌یه و شیاوی ئه‌وه‌یه نوخبه و گرووپه سیاسیه‌کان به وردی له‌سه‌ری بوه‌ستن و لێکیبده‌نه‌وه، چونکو جگه ساڵانی سه‌ره‌تای شۆڕشی گه‌لانی ئێران، ته‌نانه‌ت له لووتکه‌ی شه‌ڕی کوردستانیشدا، به ده‌گمه‌ن خه‌ڵکی مه‌ده‌نی و هێزی وه‌ک پۆلیس که‌وتوونه به‌ر هێرش. خاڵێکی دیکه که کۆی باسه‌که ئاڵۆزتر ده‌کات، ئه‌وه‌یه له ساڵانی رابردوودا گوتاری زاڵی نێو نوخبه و ئۆپۆزسیۆنی کورد زیاتر له بۆچوونی خه‌باتی مه‌ده‌نی (1) و ئاشتیخوازانه نزیک بۆته‌وه، به‌جۆرێک که یه‌ک یان دووگرووپ نه‌بێت، پارته گه‌وره و ناسراوترهکان به کرده‌وه وازیان له خه‌باتی چه‌کدارانه هێناوه و و له‌م رووداوانه‌ی ئه‌م دواییه‌شدا به راگه‌یاندن یان به وته‌ی ره‌سمی، بێزاریی خۆیان ده‌ربڕیوه و له بۆچوونێکی ده‌گمه‌ندا که به‌رهه‌می گوتاری خه‌باتی ئاشتیخوازانه و مه‌ده‌نییه له نێو کورده‌کاندا، هاوکاتی ناوهێنانی ئه‌م رووداوانه وه‌ک کرده‌وه‌ی تیرۆریستی، رایانگه‌یاندووه تیرۆریزم ناتوانێت داوا ئینسانی، ئازادیخوازانه و دیمۆکراتیکه‌کانی خه‌لكی کورد به‌دیبهێنێت و، له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه، کۆماری ئیسلامی وه‌ک هه‌میشه هێزی (چد انقلاب) ی به هۆکاری ئه‌م رووداوانه زانی (2)، ئه‌مه له کاتێکدایه تا ئێسته هیچ گرووپ و لایه‌نێک به ره‌سمی به‌رپرسایه‌تی ئه‌م په‌لامارانه‌ی له ئه‌ستۆ نه‌گرتووه. به‌م پێیه‌ش، به سه‌یرکردنی پێشینه‌ی باسه‌که و هه‌ڵسوکه‌وتی فریوده‌رانه‌ی حاکمانی سه‌رکوتکاری ئێران، پێناچێت بانگه‌شه گشتی و بێ به‌ڵگه‌کانی به‌رپرسانی کۆماری ئیسلامی بڕه‌وێکی زۆریان هه‌بێت.
خولی نوێی توندوتیژی له کوردستان، که به ته‌قینه‌وه له کاتی مارشی هێزه چه‌کداره‌کانی کۆماری ئیسلامی له مه‌هاباد ده‌ستی پێ‌کرد و دواتر به شه‌ڕی چه‌کدارانه له نێوان که‌سانی نه‌ناسراو و هێزی ئاسائشیدا له سه‌قز و پاشان هێرشی که‌سانی چه‌کداری نه‌ناسراو بۆ سه‌ر کۆشکی پۆلیسی هاتوچۆ به بانگی "الله اکبر" ه‌وه له رۆژی رووناک و گه‌وره و قه‌ره‌بالغترین گۆڕه‌پانی شاری سنه‌دا روویدا، چوه‌ته قۆناغێکی تازه‌وه. کۆی ئه‌م رووداوانه له کاتێکدا روویداوه که به‌ڵگه و مهزهننهکان نیشان ده‌ده‌ن ئێسته هه‌ندێ به‌شی " ده‌سه‌ڵاتی فه‌قیهه‌کان" له ئێران و نموونه‌یان سپاسی پاسداران که هه‌موو باڵه‌کانی سیستمی خستۆته ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌وه، زیاترین سوود له‌م رووداوانه ده‌به‌ن، چونکو سپای پاسداران ده‌توانێت به بیانووی نائارامی و توندوتیژی له کوردستان، هاوکاتی تۆخکردنه‌وه‌ی روانگه‌ی ئاسایشی بۆ کوردستان که قازانجێکی زۆری بۆ ئه‌م هێزانه هه‌یه (3)، رێگه‌چاره‌یه‌کیش بۆ زاڵبوون یان راکردن له‌و کێشه تۆقێنه‌ره ئابووری، سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی که به هۆی ناتوانی له به‌ڕێوه‌بردندا کۆی وڵاتی گرتوه‌ته‌وه، بدۆزرێته‌وه.
ئێسته ئاشکرایه ناتوانیی سیستم له به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگای ئێران‌دا ته‌نیا بۆ ئاستی سیاسی و سه‌رکوت کورت نابێته‌وه و ئاستی به‌ربڵاوتری کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و کولتووریشی گرتوه‌ته‌وه. دهسهڵاتپهرستانی خۆجێیی ئێران، که به داخه‌وه بانگی به‌ڕێوه‌بردنی جیهانیش ده‌ده‌ن، له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی ئێرانیش حاڵیان زۆر له ناخۆ باشتر نییه و جگه قه‌یرانی شه‌رعیه‌ت کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌ی وه‌ک کێشه‌ی ناڤۆکی و په‌راوێزخرانی نێونهتهوهییشیان هه‌یه.
له گێژه‌نی کێشه‌ی بونیادی له ناوخۆ و ده‌ره‌وه و به‌رده‌وامیی و په‌ره‌سه‌ندنی بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز و پێداگریی خه‌ڵک له‌سه‌رداوای ئازادیخوازانه و دیمۆکراتیکی خۆیان، توانای حاکمانی بۆ چاره‌سه‌ری کێشه سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، کولتوری و ئابووریه‌کان تا دوایی که‌م کردوه‌ته‌وه و توانای کۆنتڕۆڵی باوی قه‌یرانه‌کانی بۆ " که‌مینه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار" ئێران ئێجگار زه‌حمه‌ت کردووه، هه‌ر به پێی ئه‌مانه‌ش هیچ دوور نییه سیناریۆنووسانی به‌شه ئاسایشی و سه‌ربازییه‌کان بۆ ده‌رچوون له ئه‌و له‌مپه‌رانه‌ی هه‌ن، نانه‌وه‌ی قه‌یرانی ده‌ستکرد و شانۆیی( هه‌ڵبه‌ت به شێوه‌ی چاودێریکراو، به‌ڕێوه‌براو و قابیلی کۆنتڕۆل که هاوکات ده‌نگدانه‌وه‌ی میدیای فراوانیشی له ده‌ره‌وه و ناوه‌وه هه‌بێت 4) بخه‌نه نێو به‌رنامه‌ی خۆیانه‌وه و به گهورهکردنهوهیان کێشه قووڵ و بونیادیه‌کان، لانیکه‌م بۆ ماوه‌یه‌کی کاتی، لای بیرورای گشی په‌رده‌پۆش بکه‌ن. به وته‌یه‌کی تر، ده‌توانین بڵێین دهسهڵاتپهرستانی ئێران به نیازن به درووست‌کردنی قه‌یرانی ساخته له کوردستان، رێگه بۆ درێژه‌دانی سه‌رکوتکاریی ئایینی خۆش بکه‌ن.
به‌ڵام وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ی که چۆنه کوردستان بۆ ئه‌م نه‌خشه شووم و باجه قورسه هه‌ڵده‌بژێردرێت، زۆر قورس نییه و بۆ وه‌ڵامه‌که‌ی ده‌توانین بۆ پێشینه و رووداوه‌کانی ساڵی 57 له کوردستاندا بگه‌ڕێینه‌وه. له سه‌ره‌تای ده‌سه‌ڵاتی نوێشدا حکوومه‌ت به بیانووی جوداخوازیی و سه‌رکوتی ئۆپۆزسیۆن، به داسه‌پاندنی شه‌ڕ به سه‌ر ئه‌م ناوچه‌دا، هاوکاتی چه‌واشه‌کردنی بیرورای گشتی له ناوه‌رۆکی فاشیستی و نادیمۆکراتی خۆی، توانی به جۆشدانی خه‌ڵکی بهشهکانیدیکهی ئێران، هاندانی هه‌ستی ئایینی و راگه‌یاندنی بارودۆخی نائاسایی و فووکردن به گوتاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ییدا، رێگه بۆ سه‌رکوت و داخستنی کۆی لایه‌نه سیاسیه‌کان له کۆی ئێران‌دا بکاته‌وه، داخرانێکی ره‌ش و قورس که به ده‌ستپێکردنی شه‌ڕی ئێران و ئێراق، زیاتری خایاند و پتر په‌ره‌ی سه‌ند.
به‌ڵام دیاره ئه‌و ئه‌زمونه به‌نرخه‌ی خه‌ڵکی ئێران له رووداوه تاڵه‌کان و ساخته‌کاریه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران له ساڵانی رابردوودا ده‌ستیان که‌وتووه و، هاوکات روانگه‌ی مه‌ده‌نی و ئاشتیخوازانه‌ی " بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد"، به‌ر به سه‌رکه‌وتنی سیناریۆی دووپاته‌کی و سواوی " مانه‌وه به خولقاندنی قه‌یرانی نه‌ته‌وه‌یی و ناوچه‌یی" ده‌گرێت، ئه‌و قه‌یرانانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئێران بۆ مانه‌وه په‌نایان بۆ ده‌بات.
--------------
په‌راوێزه‌کان:
1.سه‌باره‌ت به زاڵبوونی شێوازی خه‌باتی مه‌ده‌نی له کۆمه‌ڵگای کوردستان، جگه وازهێنان له شێوازی توندوتیژ و دامه‌زراندنی ده‌یان کاناڵی سه‌ته‌لایت و سه‌دان سایتی ئینته‌نێتی و باسی رووناکبیری، گه‌لێ به‌ڵگه‌ی دیکه‌ش هه‌ن که وه‌ک نمونه‌ی روونیان ده‌توانین ئاماژه به مانگرتنی گشتی خه‌ڵکی شاره‌کانی کوردستان له‌سه‌ر داوای لایه‌ن و که‌سایه‌تیه رووناکبیری و سیاسیه‌کان بده‌ین، که تێیدا به‌شێکی گه‌وره‌ی کوردستانی ئێران حاڵه‌تی نیوه‌داخراوی وه‌رگرت.
2- وه‌زیری ئیتلاعات له په‌راویزی سه‌فه‌ره‌که‌ی ئهحمهدینژاد بۆ لوبناندا، رووداوه‌که‌ی سنه‌ی دایه پاڵ" گرووپه سه‌له‌فیه کورده‌کان". ئه‌مه له‌کاتێکدایه که گرووپی وه‌ها له بنه‌ڕه‌تدا له کوردستانی ئێران بوونی نییه، واته رێکخراوی ئایینی یان پارتیزانی که بنه‌ڕه‌تی چالاکیی خۆیان له‌سه‌ر بیروراکانی ئیبن ته‌میمه یان ئه‌لقاعیده دانابێت، له جوگرافیای سیاسی کوردستانی ئێران‌دا ئاماده‌یی و بوونیان نییه. هه‌ڵبه‌ت دیاره ره‌وتی سه‌له‌فی، که ره‌وتێکی پاشکه‌وتنخوازی ئایینییه، وه‌ک هه‌ر ره‌وتێکی دیکه ده‌کرێت له کوردستانی ئێران ههنژی لایه‌نگری هه‌بێت. به تایبه‌ت کاتێ ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی سیاسه‌تی کۆماری ئیسلامی به‌رامبه‌ر ئه‌م گروپانه ئاسانکاری بووه بۆ بانگه‌شه‌ی ئایینی بۆیان ، چونکو ئه‌و بانگه‌شانه به له‌مپه‌رێکی کارامه به‌رامبه‌ر هه‌ندێ ره‌وتی ئیسلامی – سوننی و مۆدێرنی وه‌ک " مه‌کته‌بی قورئان" (لایه‌نگرانی موفتی زاده) و " جه‌ماعه‌تی ده‌عوه‌ت و ئیسلاح" ( لقی ئێرانیی ئیخوان موسلمین)ده‌زانێت. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌و بڕه ئازادییه‌ی به‌م بانگه‌شانه دراوه، ئه‌م ره‌وته توندوتیژه هیچکات له نیو خه‌ڵکی کوردستاندا قورسایی وه‌رنه‌گرتووه، که ره‌نگه یه‌کێک له هۆیه‌کانی کولتووری نه‌رم وههڵکهری کورده‌کان و هه‌روه‌ها شافیعی بوونی سوننیه‌کانی کوردستانه. هاوکات پشتگیریی سپای پاسداران له گرووپی" ئه‌نسار ئیسلام" که سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کیی ئیلهام و پشتگیرین له بانگده‌رانی سه‌له‌فیگه‌ری له کوردستانی ئێران، شاراوه‌یی زیاتر کردوه و گومانی ده‌ستی کۆماری ئیسلامی له توندوتیژیه‌کانی کوردستاندا به‌هێزتر ده‌کات. هه‌روه‌ها ئه‌نسار ئیسلام مێژوویه‌کی کۆنی هاوکاریی له‌گه‌ڵ سپای پاسداران دژی کۆمه‌ڵه و دیمۆکرات هه‌یه.
3- له بنه‌ڕه‌تدا ده‌توانین هۆیه‌کی بوونی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی ئێران به‌ره‌نگاری له‌گه‌ڵ گرووپه سیاسیه کورده‌یه‌کان بزانین، که ساڵانی سه‌ره‌تای شۆڕشی ئیسلامی به ناچاری و بۆ به‌رگری له خه‌ڵکی کوردستان و مافه ره‌واکانی خه‌ڵکی کورد په‌نایان برده به‌ر شه‌ڕی چه‌کداری. سپای پاسداران به‌رامبه‌ر " کێشه‌ی کورد" هه‌ر له سه‌ره‌تاوه تا ئێسته زیاتر رووی له هه‌ڵسوکه‌وتی ئاسایشی و چاره‌سه‌ری سه‌ربازی کردووه. به‌م پێیه‌ش، نه‌بوونی ئاسایش و توندوتیژی له کوردستان هه‌میشه بیانووی گه‌وره‌ی بۆ سپای پاسداران درووست کردووه و، له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه، هه‌رچه‌شنه چاره‌سه‌رێکی دیمۆکراتیکی کێشه‌ی کورد ده‌توانێت ببێته هۆی لاوازکردنی هێزی سپا له کۆی هاوکێشه‌کانی هێز له ئێران‌دا و هاوکات هه‌ڕه‌شه‌ی جیددی له بنه‌ڕه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه گه‌وره ئابووری و سه‌ربازیه‌کانی ئه‌م هێزه ده‌کات.
4- ته‌قینه‌وه‌که‌ی مه‌هاباد هاوکات بوو له‌گه‌ڵ سه‌فه‌ری ساڵانه‌ی ئهحمهدینژاد بۆ ئه‌مه‌ریکا. گه‌لێ وڵاتی رۆژئاوایی، رێکخراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان و ده‌وڵه‌تی ئامریکا به ره‌سمی ئه‌م ته‌قینه‌وه‌یان شه‌رمه‌زار کرد و که‌شێکی میدیایی له‌بار بۆ دووپاتکردنه‌وه‌ی ئه‌م بانگه ره‌خسا که ئێران خۆی قوربانیی تیرۆریزمه و ئهحمهدینژادیش هه‌ر ئه‌م بانگه‌ی له چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ میدیا جیهانیه گه‌وره‌کاندا وه‌ک به‌ڵگه به‌رز کرده‌وه. رووداوه‌که‌ی سنه هاوکات بوو له‌گه‌ڵ سه‌فه‌ری ئهحمهدینژاددا بۆ لوبنان و په‌نجه کێشان بۆ ده‌ستی سه‌له‌فیه‌کان ( که دیارترین تایبه‌تمه‌ندییان دژایه‌تیه له‌گه‌ڵ شیعه) له لوبنان دیسان خۆی جێگه‌ی پرسیاره.
دوا خاڵی جێگه‌ی سه‌رنجیش ئه‌مه‌یه به‌م دواییه وته‌بێژێکی کۆمه‌ڵه باسی ده‌ستی تۆڕێکی جاسووسی کردووه که سێ چالاکیی سه‌ره‌ڕۆیانه‌ی له نێو هێزه‌کانی ئه‌م لایه‌نه‌دا درووست کردووه، وه‌ک ئه‌و گرووپه‌ی که له سه‌قز ته‌قه‌ی کردووه، بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه بۆ ناوێکی تایبه‌ت بکات.
- رۆژنامه‌نووس و ئه‌ندامی پێشووی رێکخراوی موجاهدینی ئینقلابی ئیسلامی.
سه‌رچاوه: رۆژنامه‌ی ده‌ستوور